عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: "الْإِيمَانُ بِضْعٌ وَسَبْعُونَ - أَوْ: بِضْعٌ وَسِتُّونَ - شُعْبَةً، فَأَفْضَلُهَا قَوْلُ: لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ، وَأَدْنَاهَا إِمَاطَةُ الْأَذَى عَنِ الطَّرِيقِ، وَالْحَيَاءُ شُعْبَةٌ مِنَ الْإِيمَانِ". (موسلیم/٣٥- بوخاری/٩- ترمزی/٤٦٧٦)

ئەبوو هوڕەیڕە(خوا لێی ڕازی بێت) لە پێغەمبەرەوه‌(سەلامی خوای لەسەر بێ) دەگێڕێتەوە که دەفەرموێت: ئیمان حەفتا و چەند لقی هەیە که بەرزترینی ئەوان وشەی «لا اله الا الله» یە و نزمترینیشیان لابردنی بەربەستێک لەسەر ڕێگای خەڵکه و هەروەها شەرم و حەیا لقێکی لە ئیمان.

چه‌ند تێبینی له‌سه‌ر ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌:

خاڵی یەکەم:

ئەوەی ئاشکرایە، ئیمان زاتییە و خوای گەورە نەمامەکەی هەر لە سەرەتای بەدیهاتنەوە لە ناخی مرۆڤدا چەقاندووە، بۆیە هەر کات ئەو نەمامە لە دەروونی مرۆڤدا گەشەی کرد و خۆی دۆزیەوە، ئەوە ئیمان بەسەر تەواوی ژیانیدا سێبەر دەکا و لەخۆی دەگرێ.

«فَأَقِمْ وَجْهَكَ لِلدِّينِ حَنِيفًا ۚ فِطْرَتَ اللَّهِ الَّتِي فَطَرَ النَّاسَ عَلَيْهَا ۚ لَا تَبْدِيلَ لِخَلْقِ اللَّهِ ۚ ذَٰلِكَ الدِّينُ الْقَيِّمُ وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ» (ڕووم:٣٠) واتە: (ئه‌ی ئینسان به‌دڵێکی پاك و بێگه‌رده‌وه‌) ڕوو بکه‌ره‌ به‌رنامه‌ و ئایینی خوا و ئه‌ملاولا مه‌که‌، خه‌ڵکینه‌ ئێوه‌ش پابه‌ندی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ بن که‌ خوا ئێوه‌ی له‌سه‌ر دروست کردووه‌ (واته‌ قوڕئان که‌ته‌لۆك و نه‌خشه‌ی ژیانی ئاده‌میزاده‌کانه‌ لێی لامه‌ده‌ن)، هیچ جۆره‌ گۆڕانکارییه‌ك له‌ هیچ نه‌خشه‌ و دروستکراوێکی خوادا نییه‌، ئا ئه‌وه‌یه‌ دینی ڕاست و دروست، به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵکی ئه‌م ڕاستیانه‌ نازانن.

خاڵی دووهەم: 

وتنی «لا اله الا الله» تەنیا دروشمێک نییه؛ بەڵکوو گۆڕانکاریی بنچینەیی ناخە که بیر و هزر و کردار (بینش و منش)ی مرۆڤ لە هەموو بوارەکانەوە لەخۆی دەگرێ و پێکهاتنی کۆمەڵگایەکی یەکتاپەرست لەو دروشمه بنەڕەتییەوە سەرچاوە دەگرێ.

خاڵی سێهەم:

خزمەتی کۆمەڵایەتی و لابردنی بەربەست و لەمپەڕەکان لەسەر ڕێی ژیانی خەڵکی، بەشێکه لە باوەڕی دینی. مرۆڤ هەرکات بەوردی بە چەمکەکانی قوڕئان و سوننەتدا هاتەوە و تاوتوێی کردن، دەبینێ که هەمووی لە ڕاستای مرۆڤ‌سازی و ژیانێکی ئاویتەی هێمنایەتی و تەندروستی بۆ مرۆڤ پێك هاتووه‌.

خاڵی چوارەم:

لابردنی کۆسپ و لەمپەڕەکان و دابینکردنی ئاسوودەیی خەڵک؛ وانیە که هەمیشه لەڕێی سەروەت و سامەنەوە بێت، بەڵکوو سەرمایەی مەعنەوی واتە «ئیمان» دەتوانێ لەو ڕێیەدا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبێ. ئەو فەرموودەیە وێڕای ڕاسپاردەکردنی کۆمەڵگای موسوڵمانان بە نەهێشتنی بەربەستەکان لەسەر ڕێی خەڵکی، ئەوان وشیار و ئاگادار دەکاتەوە که خۆیان هۆکاری بەربەست و کۆسپی سەرڕێی ژیانی خەڵکی نەبن.

خاڵی پێنجەم:

ئیمان ڕۆڵێکی سەرەکی لە پتەوکردنی هەستی شەرم و حەیا هەیە، چونکه حەیا واتە ڕەچاوکردنی هێندێ لە سنوورەکانی که یان «سرشت، عوڕف و یان شەرع» پێکیان دێنیت، کەواتە ئیمان پشتیوانی زاتی و شەرعی حەیایە.

خاڵی شەشەم:

حەیا بەجۆرێک ڕەفتاری مرۆڤ لە بەرامبەر ئاکارە ناشیرین و ناپەسندەکان دەستەبەر دەکات که ئەگەر بەم چەشنە نەبێ، له‌وانه‌یه‌ هه‌موو شتێکی نەشیاوی لێ ڕوو بدات. بۆیە پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێت:

«عَنْ أَبی مَسْعُودٍ عقبة بن عمروالانصاری البدری رضی الله عنه، قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَیْهِ وَسَلَّمَ: "إِنَّ مِمَّا أَدْرَکَ النَّاسُ مِنْ کَلاَمِ النُّبُوَّةِ الأُولَى: إِذَا لَمْ تَسْتَحْیِ؛ فَاصْنَعْ مَا شِئْتَ». (ئەڕبەعین نەوەوی/٢٠)

ئەوەی خەڵک لە قسەی پێغەمبەرانی پێشوو(سەلامی خوایان لەسەر بێ) وەریانگرتووە، (ئەوەیە): ئەگەر شەرم و حەیات نەبوو، هەرچی پێت خۆشبوو بیکه.

بەواتایەکی تر:

بێ‌شەرم بە و هەرچی پێت خۆشبوو، بیکه.

تێبینی:

جێی ئاماژەیە که ئامانج لە گەشەی شەرم و حەیا لە کەسایەتی مرۆڤدا؛ ئەوە نیه که باوەڕدار بەرگری لە مافی خۆی نەکا و لە قسەی حەق خۆبپارێزیت، وەها ڕەوشتێک زایەکردنی حەقە که پێچەوانەی ئامانجەکانی شەرعە.

خاڵی حەوتەم:

دوژمنانی ئیسلام ئەوڕۆ بەو سیاسەتە کولتووری_کۆموڵایەتییە گەیشتوون که بەمەبەستی بێزارکردنی موسوڵمانان لە دین، بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ڕوون هەنگاو نەنێنەوە؛ بەڵکوو لەژێر ناوی ڕەنگامە و ڕازاوە بۆ دزینی هێماکانی شەرم و حەیا کەمینیان داناوە و تاکوو ڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بوون. بۆیە موسوڵمانان ئەوڕۆکە لە بەراورد بە ڕابردوو لە بواری کولتووری_کۆمەڵایەتی پێویستیان بە ئاگایی و زانیاری زیاتر هەیە.